Job 28

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

1زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
2ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد.
3مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
4کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
5زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
6بەردەکانی یاقووتی شینی
یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏
تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
7ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت.
8ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
9مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات.
10لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14قووڵایی ژێر زەوی
بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (قووڵایی ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو. بڕوانە پەیدابوون 7‏:11‏‏.‏
دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
28بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
Copyright information for CkbKSS